کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، کوژرانی ناڕازییەکانی مانگی خەزەڵوەری مەحکووم کرد
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە بەیاننامەیەکدا، خوازیاری دادگاییکردنی ئاشکرا و دادپەروەرانەی بکوژانی مانگی خەزڵوەر و ئازادکردنی بێمەرجی دەسبەسەرکراوەکان بوون.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، وێڕای هاودەری لەگەڵ خەڵکی ئێران و بنەماڵەی گیانبەختکردووان و برینداربووەکانی ئەو ڕووداوە، هەر جۆرە کوشتنی هاووڵاتییان لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت مەحکووم دەکەین و ئەوە بەپێچەوانەی مرۆڤایەتی، مرۆڤدۆستی، مافی مرۆڤ، بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەزانین. ئەزموونی ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامی و سەرهەڵدان و زەقبوونەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکان، باس لە ناکارامەیی دەسەڵاتداران لە بوارە جۆراوجۆرەکان دەکات".
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، یەکەم هەنگاو بۆ دەربازبوون لە فەزای ململانێ، دادگاییکردنی ئاشکرا و دادپەروەرانەی بکوژەکانی ڕووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر و ئازادکردنی بێمەرجی دەسبەسەرکراوەکان و قەرەبووی خەسارەتی ماددی و مەعنەویی زیاندیتووەکان و دڵدانەوەی ئەوان دەزانن.