کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ناڕەزایەتی خەڵکی شاری مەریوانی لێکەوتەوە

15:02 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە لایەن شارەداری مەریوانەوە، خەڵکی ئەو شارە ئاگریان لە زبڵ و خاشاکەکە لە ناو شار بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٢ی خەرمانان، خەڵکی شاری مەریوان لە چوارڕێیانی شەبڕەنگی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک، دەستیان بە ئاگرتێبەردانی ئەشغاڵەکانی ئەو شارە لەو چواررێیانه کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە هاووڵاتییانی شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کۆنەکردنەوەی زبڵی ئەو شارە، دەستیان بە کۆکردنەوەی زەبڵ کرد و لە چوارڕێیانی شەبڕەنگ ئاگریان تێبەردا.

لەو پەیوەندییەدا، فەرمانداری شاری مەریوان لە نوێژی هەینی، ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، بە هێزە نیزامییەکانمان ڕاگەیاندووە کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دژکردەوەی شیاویان هەبێ.

هەروەها ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات پاش ئەوەیکە خەڵکی شاری مەریوان لە شەقامی شەبڕەنگ کۆبوونەوە، بڕیاریان دا لە پێش بینای شارەداری مەریوان کۆببنەوە و ئەو زبڵ و خاشاکانەی کە کۆیان کردبوویەوە، لە حەوشەی ئەو بینایە ئاگریان بدەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش ئاگرتێبەردانی زبڵ لە حەوشەی بینای شارەداری، هێزە لیباس شەخسییەکان و هێزەکانی دژە شۆڕش بڵاوەیان بە خەڵکی ناڕازی کردووە.