کۆنفڕانسێک لە پارلمانی ئورووپا لەژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی هەڵاواردن دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران" بەڕێوە چوو

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ بانەمەڕ، بە میوانداریی "فابیۆ ماسیمۆ کاستالدۆ"، ئەندامی پارلمانی ئورووپا و جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی هەڵاواردن دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران" بەڕێوە چوو.

ئەم کۆنفڕانسە بە بەشداریی "جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران؛ تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان؛ ڕافایل شنۆی هەزان، سەرۆکی ڕێکخراوی فەرانسەویی پێکەوە خەبات دژی سزای لەسێدارە؛ ڕەها بەحرەینی، نوێنەری بەشی ئێرانیی ئەمنیستی  ئەنترناسیۆناڵ؛ عەبدولسەتار دوشوکی، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەلووچستان؛ سڤیل سولەیمانی، نوێنەری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێران و شیما سڵاڤی، نوێنەری ڕێکخراوی یوو.ئێن.پی.ئۆ یان گەلانی بێ وڵات" بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە چەند وتەیەکی "فابیۆ ماسیمۆ کاستالدۆ" جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا و "مەیز جبووری" نوێنەری ڕێکخراوی "مافی پێکهاتە کەمایەتییەکان" دەستی پێ کرد.

پاشان جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەسەر ڕەوشی گشتیی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەت سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەوانە گەلی کورد وتارێکی پێشکەش کرد.

 لە درێژەی ئەو کۆنفڕانسەدا، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، لە نەتەوەیەکگرتووەکان، وتارێکی بە شێوەی خوارەوە پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ بەم چەشنەیە:

به‌ڕێزان،

سەرەتا، زۆر سپاس بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفڕانسە و جێگای خۆشحاڵییە بۆ ئێمە، لێرە بەشدار دەبین و دەتوانین تیشک بخەینە سەر هێندێ لەو بەرهەڵست و ئاڵنگاریانەی کە گەلی کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

دیارە، بە داخەوە، سیاسەتی هەڵاواردن، ستەم و سەرکوت و توندوو تیژی دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەشێکی سەرەکی دەردهێنەری باسیی ئەوڕۆیە.

بەڵام پێش تیشک خستنە سەر هێندێ لەو پێشێلکاری و ئاڵنگاریانە، پێمخۆشە کورتە باسێک پێشکەش بکەم لە سەر  ڕەوشی ستەم دژی گەلی کورد چونکە سەرکوت لە کورستان باشترین وێنەی سەرکوت دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە تەواوی ئێران نشان دەدات.

دیارە بۆ ئێمە گرینگە کە ئەو ڕاستیە بخەینە بەرچاو کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایینە و پێکهاتوو لە هێندی نەتەوەی گەورە وەک کورد، فارس، بەلووچ، تورکمەن، ئازەری و عەرەب بەڵام سیستمی دەسەڵاتداری تەنیا  لە سەر سیاسەتی یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک مەزهەب بەڕێوەدەچێت.

بە بۆچوونی ئێمە، سەرچاوەی سیاسەتی هەڵاواردن، سیاسەتی سەرکوت و توندۆتیژی دژی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوون و ماهیەتی کۆماری ئیسلامی.

لە ١٩ ئاگۆستی ١٩٧٩، ئایەتوڵڵا خومینی، لە ڕاگەیەندراوێکی ئاگرین و دژی ئینسانیدا، فتوایەکی ئیسلامی دژی گەلی کورد دەرکرد و خەڵکی کوردی وەک دژە ئیسلام و دژە شۆڕش ناوزەد کرد. ئەوەش تەنیا بە خاتری داواکاریە ڕەواکانیان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی دێموکرات و سکۆلار و لە ئێران. لەو ڕێکەوتەوە، کوردەکانی ئێران قوربانی هەموو وتار و سیاسەتی توندوتیژی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی ئێرانن و لە هەر بەشداریەکی سیاسی و گشتی وڵات بێبەشن و وەک دوژمن سەیر دەکرێن.

لە کرداردا، زیاتر لە ٥٠ لە سەدی زیندانیانی سیاسی ئێران کوردن و کۆماری ئیسلامی سیاسەتی سەرکوتی دژی گەلی کورد بە گۆتاری توندوتیژ و نفرەتهێنەر تەوجیه دەکات. دیارە، هەمووان دەزانین کە پێش ئەنجامدانی ترسناکتەرین کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدەکانی ئەم سەدەیە، ستەمکاران، کەڵک لە گۆتاری نفرەتهێنەر و توندوتیژ دەکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ، زیاتر لە ٣٠٠  هاوڵاتی کورد زیندان کراون و نزیکی ١٤٠ کەس لەوان بە زیندانی درێژ خایەن بە تاوانی ناڕاستی مەترسی لە سەر ئەمنیەتی میللی مەحکووم کراون لە کاتێکدا، ئەوان تەنیا تێکۆشەری مافە مەدەنی و سیاسییەکانی گەلی کوردن.

بۆ وێنە، خاتوو زارا محەممەدی، مامۆستای دڵخوازی زمانی کوردی، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە بەڵام تەنیا تاوانی ئەو، گوتنەوەی دەرسی زمانی کوردیە.  لە کاتێکدا، کۆماری ئیسلامی سەرکوت و سەرکۆنەی زمان و تێکۆشەرانی کولتووری کورد دەکات، دەوڵەتی ئێران، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١، چل و شەش ( ٤٦ ) میلیارد تمەنی تەرخان کردووە بۆ ناوەندی کولتووری زمانی فارسی. وەک هەمووان دەزانن، زمانی فارسی، زمانی ئیداری و فەرمی و هەروەها زمانی خوێندنە. ئەوەش نموونەیەکی زیندووی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامییە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران.

هەروەها، زۆر پێویستە باسی ئەوە بکەم کە زیاتر لە پێنجا و پێنج ( ٥٥)  لە سەدی کۆی ئیعدامە سیاسییەکان لە ئێران کوردن، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١،  پەنجا و نۆ (٥٩) هاووڵاتی کورد لە سێدارە دراون. زیندانیی سیاسیی کورد، حەیدەر قوربانی،  بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و بە نهێنی و لە کەمپێکی سەربازی بە گولـلە، سەرەڕای داواکاری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیعدام کرا.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١، دادگای باڵای ئێران سزای لە سێدارەی (٩)  زیندانی سیاسی و عەقیدەتی کورد پشتڕاستکردۆتەوە و لە مەترسی جیدی لە سێدارەدان. هەر لەو ماوەیەدا، ٢٧٦ کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانی کوشتنی وەحشیانە و هەڕەمەکی دەوڵەتی ئێران.

پێش کۆتاییهێنانی باسەکەم، بە پێویستی دەزانم کورتە ئاماژەیەک بکەم بە دەستووری بنەڕەتی ئێران کە دەستوورێکی دژە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، دژە ژن و دژە مناڵە.

سەرەتا، خوێندنەوەی دەستووری ئێران ئەشکەنجەی ڕۆحیە، مادەی یەک شتێک دەڵی و مادەی دوو،  ڕەدی دەکاتەوە. بۆ وێنە بە پێی مادەی ١٩ ی دەستووری بنەڕەتری ئێران، هەموو ئێرانیەکان، بێ لە بەرچاوگرتنی پەیوەندی ئیتنیکییان، وەک یەک، لە هەموو مافێک بەشدار دەبن.

بەڵام مادەکانی ١، ٤، ١٢ و ١٥ ی هەمان دەستوور دەڵێ کە تەنیا مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامە، مەزهەبی فەرمی وڵاتە و دەبێ هەموو یاساکانی لە سەر ئەساسی مەزهەبی شیعە بێت و تەنیا زمانی فارسی، زمانی ڕەسمە وڵاتە. هەروەها بە پێی یاسای ناسراو بە `` گوزینش`` کە لە ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن مەجلیسی ئێرانەوە، ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاونیەکانی وەک کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهواز، تورکمەن، کوردی یارەسانی و بەهای، مەسیحی و یەهوودی، لە مافی دەستگەیشتن بە کار، بە پۆستی دەوڵەتی و بەڕەوەبردنی وڵات بێبەش دەکرێن.

لە ئەنجامدا، دەتوانین بڵێن کە ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان بە تایبەت کورد، بەلووچ و بەهای لە هەر چەشنە بەشداریەکی سیاسی وڵات بێبەشن. لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هیچ هاوڵاتیەکی کورد یا بەلووچ یا بەهایی، هیچ پۆستێکی گرینگی لە دەوڵەتی ناوەندی بەر نەکەوتووە و حەتا ڕێگە نەدراوە هاوڵاتیەکی کورد ببێت بە یەکێک لە پارێزگاری چوار پارێزگاکانی کوردستان.

لە کۆتاییدا، ئیجازەم پێبدەن کە لەم فرسەتە کەڵک وەربگرم و سوپاسی بەڕێز جاوید ڕەحمان، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران، دەفتەری کۆمیساریای بەرزی مافەکانی مرۆڤ و هاوکارانم لە هاوپەیمانی "مافەکانی پێکهاتە کەمایەتییەکان"، "یو ئێن پێ ئۆ" و ڕێکخراوی "پشتیوانی لە تێکۆشەرانی مافەکانی مرۆڤ" بکەم بۆ تیشک خستنە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران.

لەگەڵ ڕێز

تەیموور ئەلیاسی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ