کۆنسێرتی دوو هونەرمەندی کرماشانی هەڵوەشێندرایەوە

15:13 - 24 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیران رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی هونەرمەندان عەلی ئەکبەرمورادی و شارام نازری کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حاڵێکدا کە بڕیار بوو مامۆستا عەلی ئەکبەرمورادی و شارام نازری بە شێوەی جیاجیا لە تاران و تەورێز کۆنسێرت بەڕێوە ببەن، ناوەندە ئەمنیەتییەکان رێگەیان بە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتانە نەداوە.

سەرەڕای مۆڵەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئوستانی تاران، ئیدارەی ئەماکنی هێزی ئینتزامیی خۆی لە دانی مۆڵەت بە کۆنسێرتی عەلی ئەکبەر مورادی ژەنیاری سازی تەنبوور بواردووە.

هەڵوەشاندندوەی کۆنسێرتی ژەنیاری ناسراوە عەلی ئەکبەر مورادی لە حاڵێکدایە کە هەوڵەکانی\" خانەی مووسیقی\" بێ ئاکام ماوەتەوە و لەو بارەیەوە ئاغای مورادی وتوویەتی: \" من تەنیا دەتوانم بە داخ بم کە ئێمە پاش ٢٠ ساڵ چ رێگەیەکمان گرتووەتە بەر\".

لەو بارەیەوە شارام سارمی سەرپەرەستی بەشی موسیقای فەرهەنگسەرای \" ئەرسباران\" رایگەیاندووە،\" بۆ وەرگرتنی مۆڵەت ٧ جار سەرانی ئەماکنم کردووە، بەڵام بە داخەوە بێ ئاکام مایەوە\".
عەلی ئەکبەر مورادی ژەنیاری ناسراو و ناوداری تەنبوور خەڵکی شاری کرماشانە، ئەو هونەرمەندە لەساڵی ١٣٧٢وە دەستی بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئاوازە کۆن و لە مێژینەییەکانی تەنبوور کردووە.

گۆڤاری\" sing line \" مورادی بە یەکێک لە ٥٠ ژەنیاری ناوداری دونیا ناو بردووە.

لەلایەکی دیکەوە راگەیەندراوە کۆنسێرتی شارام نازەری هونەرمەندی ناوداری کورد و ئێرانی کە بڕیار بوو رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە تەورێز بەڕێوە بچێت هەڵوەشێندراوەتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی نازری و مورادی لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی ئێرانەوە روون نەکراوەتەوە.