کۆمەڵە شێعری \"دەنگ چەویلد تیەی\" خرایە ناو کتێبخانەی ئەدەب و وێژەی کوردی

21:20 - 21 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە بڵاوکردنەوەی کتێبه شێعری \"دەنگ چەویلد تیەی\" هەنگاوێکی دیکە لە بواری دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕەزا جەمشیدی\" شاعیری کوردی خەڵکی شاری سەرپێلی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، سێهەمین بەرهەمی ئەدەبی خۆی لەژێر ناوی\"دەنگ چەویلد تیەی\" کە کۆمەڵێک لە غەزەل و مەسنەوی لەخۆ دەگرێت لە چوارچێوەی کتێبێکدا خستە بەر دیدی ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی.

ئەو کۆمەڵە شێعره لە دوو تۆی ١١٣ لاپەڕەدا بە زمانی\"کەلهووڕی\" چاپ و بڵاو کرایەوە.

دوو بەرهەمی پێشووی ئەو شاعیرە کوردە لەژێر ناوی\"دوارە چیوزە دەیم\" و \"یی داوان هسارە\" لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خستووەتە سەر خەرمانی کتێبە بڵاوکراوەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ڕەزا جەمشیدی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە شاری سەرپێلی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و نابراو خوێندکاری دوکتۆرای زانسته سیاسیەکانه، کە پێشتر چەند کتێبی دیکەی لە بیاڤی مێژوو و گەشتیاریدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.