کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پشتیوانیان لە پێشنیاری چالاکانی مەدەنیی مەریوان کرد

15:48 - 5 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پشتیوانیی خۆیان لە ڕۆژی ٣ی خەرمانان وەکوو \"ڕۆژی چالاکانی ژینگەپارێزی\"ڕاگەیاند.

کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پشتیوانیی خۆیان لە ناوەندە مەدەنییەکانی شاری مەریوان دەربڕیوە، کە ڕۆژی \"٣ی خەرمانان\" وەکوو \"ڕۆژی چالاکانی ژینگەپارێزی\" دیاری بکرێت.

لە بەیاننامەیە، داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کراوە، کە لە پاراستنی ژینگە بەرپرسانەتر ئەرکەکانی خۆیان بەجێ ‌بگەیەنن.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانیی مەریوان، بە بۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو ئازیزانە و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن و بەجێی خۆی دەزانن بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەم هاوڕێ شەهیدانە، ٣ی خەرمانان بە رۆژی چالاکانی ژینگەپارێزی ناودێر بکرێت.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی پێلە و سێلسێی شاری مەریوان بە هۆی تۆپبارانی سپای پاسداران بووە.