کۆتایی پانزدەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان و دەستنیشانکردنی براوەکان
پاش چەند ڕۆژ کاری بەردوام لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، ئەو فێستیڤاڵە کۆتایی پێ هات و کەسەکان و شانۆ سەرکەوتووەکان لەلایەن لیژنەی داوەرانەوە خەڵات کران.
ئەو فێستیڤاڵە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، بە ئامادەبوونی چەندین گرووپی شانۆیی لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام، ئیسفەهان، بروجێرد، تاران و چەندین پارێزگای دیکە، کۆتایی بە نواندنی خۆی هێنا.
کەسەبراوەکان و شانۆ سەرکەوتووەکانی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، لەلایەن لیژنەی داوەران، لە بەشە جۆراوجۆرەکانەوە، خەڵات کران.
لە بەشی منداڵان و مێرمنداڵان "سبزک و مبارک" لە دەهێنەریی مێهدی مەلەکی لە تاران، لەوحی ڕیزلێنان و هێندێک پارەی نەختی، پێ درا.
شانۆی "بڕیاری سەمەندەر" لە دەرهێنەریی مەسعوود کوردی، خەڵکی بڕوجێرد، توانی تەندیس و لەوحی ڕیزلێنان بەدەست بهێنێت.
لەبەشی جیاوازی پێشاندان، بەهۆی نواندنی باش و نوێگەری لە گرووپە بەشداربووەکانی ئەو فێستیڤاڵە، ڕێزیان لێ گیرا و شانۆی "کرووکی" بەرهەمی عەلی زیستی، لە پارێزگای کرماشان، "ژاناو"، بەرهەمی فەرزاد حەسەن میرزایی لە بانە و شانۆی "دڵدار دڵوار" بەرهەمی مێهدی بەهانی، لە پارێزگای تاران، ڕێزیان لێ گیرا.
شانۆی "وەبیرهێنانەوە" بەرهەمی پوویان عەتایی، خەڵاتی نەختی و تەندیسی فێستیڤاڵەکە و شانۆی "خاتوون" بەرهەمی مێهرداد حواسیپوور لە ئیلام، لەوحی ڕێزلێنان و خەڵاتی نەختییان بەدەست هێنا.
لە بەشی هەڵبژاردنی فێستیڤاڵەکە "بوون و نەبوون"، بەرهەمی مەرجان قاسمی لە شاری دێهلۆڕان و "زەریا زەویی ماسییەکانە"، بەرهەمی فاتمە بەحرینی، لەوحی ڕێزلێنانیان بەدەست هێنا.
لە بەشی گەڵاڵەداڕشتن، بەرهەمی "خسووسی" مەرجان مووسانژاد، "ماشین مەشەدی مەمدلی"، بەرهەمی مێهدی مالەکی، "پەیوەندیی چاو لەگەڵ دایک" بەرهەمی ئەمیر ئەمیری، "مەرگ و یاری و دۆر ڕاستیینەکان" بەرهەمی وەحید دەرویش و "چەند خان" بەرهەمی عەلی قارەمانی، سەرکەوتووانی ئەو بەشەی فێستیڤاڵەکە بوون.
لە بەشەکانی ئازاد، ئایینیی و سوننەتی، شانۆی "تووتی و بازرگان" نادرە حەیدریان پلەی یەکەم و سیاوەش و سەعید عەبدوڵڵاهی، پلەی دووهەم لە شانۆی "مریشکی دراوسێ قاز نییە و هەروەها پلەی سێیەم لە شانۆی "ئۆستوورە" درایە بەرهەمی ئادینە ڕەحیم نژاد.
هەروەها لە بەشی منداڵان، هلین و هاوان محەممەدی، بە دووجار نواندن لە شانۆی "درووشکە برسییەکان" و گەندوم نادری، وەکوو کەسانی باشترین دەستنیشان و هەڵبژێردران.
بە وتەی شارەزایانی هونەر و هونەرمەندانی كوردستان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دوای فێستیڤاڵی نێودەوەڵەتیی فەجر دووهەمین ڕووداوی هونەریی بواری شانۆی ئێرانە.