کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری بانە لەگەڵ گاردی تایبەت، توندوتیژی لێکەوتەوە

15:34 - 14 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بانە لە هەمبەر کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی مانیان گرت و لە بەر دەرگای فەرمانداریی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی خەرمانان، هاووڵاتییانی شاری بانە، لە هەمبەر کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتیی، بە داخرانی دووکان و بازاڕ و کۆبوونەوە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە ناڕەزاییەتییان دەربڕی.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە دەستێوەردانی گاردی تایبەتیی لەگەڵ توندوتیژی بەرەڕوو بووە و هێزەکانی گاردی تایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕیژ هەوڵی بڵاوە کردنی ناڕازییەکانیان دا.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، هەتا ئێستا درێژەی هەیە و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە فەرمانداریی بانە ئەمڕۆ داخراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانان، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی \"حەیدەر فەرەجی\" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی \"شەشە\" و \"مام قادر بەهرامی\" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"وزمەڵە\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی پێکراون.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە، فەرمانداری شاری بانە بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەزانن و دەڵێن تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سەر بڕیاری فەرمانداری بانە \"محەممەد فەلاحی\" بووە.

هەروەها بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە، داوای سزا دانی بکەرانی ئەو ڕووداوە دەکەن.