کۆبوونەوەی مامۆستایانی ئایینی لەبەر دەرگای ناوەندی گەورەی ئیسلامیی شاری پیرانشار

18:25 - 21 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، ژمارەیەک  لە مامۆستایانی ئایینی بۆ پشتیوانی لە مامۆستا "یوونس نەوخا" لە بەر دەرگای" ناوەندی گەورەی ئیسلامی " شاری پیرانشار لەگەڵ بەرپرسی ئەم ناوەندە کۆ بوونەوە.

ئەو مامۆستایانە پێداگریان لەسەر ئازادکردنی مامۆستا یوونس نەوخا کرد و لە ڕێگای ئەوانەوە بابەتەکە بە بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعتی شارستان و پارێزگای ورمێ ڕاگەیەندرا.

 لەم کۆبوونەوەدا بڕیار لەسەر ئەمە درا تا ڕۆژی پێنجششەمە کێشەی مامۆستا یوونس جێبەجێ بکرێ.

لەو کۆبوونەوەیەدا، مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە مامۆستا یوونس لەبەرانبەر ڕاگەیاندنی جەژنی قوربان بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەرسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

 بەرپرسانی ئەمنییەتیی ناوچە چەندین جاری تر مامۆستایانی ناوچەیان ئاوا بێ بەڵگە زیندانی کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ، مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "مەلا یوونس نەوخا" کوڕی خدر خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ، کراوە.

مامۆستا مەلا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبی شاری "پیرانشار"ە.