کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئیجلال قەوامی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بەڕێوە چوو

13:13 - 20 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و دانیشتووی شاری سنە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لە لقی ٥ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، تۆمەتەکانی بۆ نووسراوەکانی خۆی کە باسی شرۆڤە و پرسی ڕۆژ و هەروەها واژۆکردنی هێندێک لە بەیاننامەکان دەگەڕێتەوە کە لە کاناڵە تێلێگرامییەکان و توویتێردا بڵاوی کردبووە.

ئیجلال قەوامی پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی بە بارمتە ٧٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ئیجلال قەوامی، ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان بەپێی ئەو ئاگادارییەی کە بە دەستی گەیشتبوو، بۆ دادکۆکیکردن لە تۆمەتە‌وەپاڵدراوەکانی، بانگهێشتی لقی ٥ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، کرابوو.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، ئەو ڕۆژنامەنووسە بەپێی "رای غیابی" لەلایەن لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی دووی سنە، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی" بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.