کڕێکارێکی تیکابی لە سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:26 - 3 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە شاری سەقز، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ٢ی جۆزەردان، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی شاری تیکاب لە شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە تەمەن ١٩ ساڵە خەڵکی گوندی\"خاخار\"ی سەر بە شاری تیکاب بووە و شوناسی ئەو لاوە هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو لاوە کوردە بۆ کرێکاری ڕووی لە شاری سەقز کردبوو. تەرمی ئەو کرێکارە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سەقز دۆزرایەوە.

دەوترێ، ئەو لاوە بە خواردنی\"حەبی ترامادۆل\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە خۆکوشتنی ئەو لاوە تەمەن ١٩ ساڵە، ئەمە چوارەمین حاڵەتی خۆکوژییە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لە نێو هاووڵاتییانی شاری تیکابدا ڕوو دەدات.

پێشتریش، دوو هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ و ٢٠ ساڵ و هەروەها ژنێکی تەمەن ٦٢ ساڵە خەڵکی گوندی \"ساری قورخان\"ی شاری تیکاب، خۆیان هەڵواسیوە و کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.

دەستکورتی و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییان هەژمار دەکرێن.