کچە پاسكیل‏سواری سه‌قزی بۆ ئۆردووی تیمی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بانگهێشت كرا

14:52 - 20 بەفرانبار 2715
كوردپا: به‌رپرسی ئیداره‌ی وه‌رزش و لاوانی شاری سه‌قز ڕایگه‌یاند كه‌، کچە پاسكیل‏سواری خه‌ڵكی سه‌قز بۆ ئۆردووی تیمی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بانگهێشت كرا.

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌بڵاو بوونه‏تە‌وه‌، \"فه‌رهاد خاكی\" له‌كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه، \"مائیده‌ڕه‌زه‌وی\" وه‌رزشوانی كوردی پارێزگای كوردستان، له‌لایه‌ن \"پریمووس ئسترانكار\"ی ڕاهێنه‌ری نوێی خه‌ڵكی ئیسلۆڤێنییەوه‌، بۆ به‌شی \"كراس كانتری\" ئۆردووی تیمی كچان لە ته‌مه‌نی \"لاوان\"دا، بانگهێشت كرا.

ناوبراو له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا ڕایگه‌یاند كه‌له‌و ئۆردوویه‌دا ٢٤ پاسكیل‏سواری هه‌ڵبژێردراو له‌سه‌رانسه‌ری پارێزگاكانی ئێرانەوە بانگهێشت كراون.‌

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا سه‌رۆكی پاسكیل‏سواره‌كانی شاری سه‌قز ڕایگه‌یاند كه‌، به‌شداریی \"مائیده‌ڕه‌زه‌وی\" له‌ئۆردووی تیمی نه‌ته‌وه‌یی ئێراندا، جێگه‌ی شانازییه‌بۆ پارێزگای كوردستان.

\"موحه‌ممه‌د باهۆنه‌ر\" هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌، كه‌له‌ڕشته‌ی كراس كانتریدا، ده‌بێ پاسكیل‏سواره‌كان خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی به‌هێز و به‌توانا بن و له‌دۆخە ئه‌سته‌مەکاندا، وه‌ك لێخوڕین له‌هه‌ورازه‌كان و مه‌ودای درێژخایه‌ن، بتوانن خۆڕاگر بن.

باهۆنه‌ر هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه،‌ته‌نیا له‌سه‌قز ١٤ هه‌زار وه‌رزشوان ڕێكخراون و له‌و ڕێژه‌یه‌ش، ١٢٠ كه‌سیان به‌شێوه‌ی پیشه‌یی له‌ڕشته‌ی پاسكیل‏سواریدا كار ده‌كه‌ن.