کچە مێرمنداڵێکی مەهابادی لەرکابەرییەکانی \" UCMAS\"‌‌ی مالێزی سەرکەوتنی بەدەستهێنا

13:10 - 18 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابییەکی شاری مەهاباد لەرکابەرییەکانی سیستمی پەرەپێدانی مێشک لەرێگای حیسابات و ژماردنەوە لە وڵاتی مالێزی پلەی سێیەمی لەئاستی جیهاندا بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رکابەرییەکانی UCMASی مالێزی رێکەوتی ١٠ و ١١ سەرماوەز لە کوالالامپور بە بەشداریی ٥٤ وڵات بەڕێوە چوو.

\"17276.jpg\"
پەریا محەممەدزادە کچە قوتابیی شاری مەهاباد لەرکابەرییەکانی \" UCMAS\"‌‌ی مالێزی پلەی سێیەمی لەئاستی جیهاندا بۆ خۆی مسۆگەر کرد
لەو پێوەندییەدا پەریا محەممەدزادە کچە قوتابیی شاری مەهاباد لە بەشی هەڵسەنگاندنی مێشک کە تایبەت بە حیسابات و ژماردن بوو، توانی پلەی سێیەمی جیهان بەدەست بێنێت.

\" یو. سی. مس\" سیستمێکی تایبەت بە پەرەپێدانی مێشکە و لەساڵی ١٩٩٣ی میلادییەوە لەلایەن دوکتور \"دینو ونگ\" لە وڵاتی مالێزی داڕێژراوە.

بەپێی بەرنامەکە ئەو کەسانەی کە لەو سیستمە کەڵک وەردەگرن پێویستە هەر دوو بەشی مێشکیان بەکار بێنن و تایبەتیشە بە منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەن ٥ هەتا ١٥ ساڵ.

بەپێی وتەی شارەزایان، ئەو سیستمە باوەڕبەخۆبوون لە بەکارهێنەراندا زیاد دەکات و هەروەها یارمەتییان ئەدات کە ژمێریارێکی زۆر بە توانا بن.