کچە قوتابیانەی شەبانەرووزی داوای ٣٠٠ هەزار تمەن پارەیان لێکرا

21:02 - 16 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەیەکی کچانەی شاری دیواندەرە داوای بڕە پارەیەکی بەرچاوی لە کچە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی قوتابخانەی ناوەندیی \"فاتیمەی زەهرا\"، کە قوتابخانەیەکی \"شەبانە روزی(شەو و رۆژی)یەو لە گوندی زەفەرئاوای سەربە شاری دیواندەرە هەڵکەوتووە، بە کچە قوتابیانیان راگەیاندووە، کە دەبێ بڕی ٣٠٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانە بدەن.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری هاووڵاتییانی کوردەوە رایگەیاند؛ ئەم قوتابخانەیە بە بیانووی یارمەتی دانی قوتابیان بە قوتابخانە و کڕینی کەلوپەل و ئیمکاناتی خوێندن، داوای ئەو بڕە پارەیان لە کچە قوتابییان کردووە.

دەگوتریت؛ کچە قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی قوتابخانەی زەفەراوا، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری شاری دیواندەرەن و زۆربەیان هاووڵاتییانی هەژار و دەستکورتن، لەو قوتابخانە \"شبانە روزی\"یەو بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن خۆیان ناونووس کردووە.

گوندی زەفەرئاوا، ١٥ کیلۆمیتر لە شاری دیواندەرەوە دوورەو زیاتر لە ٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە، کە نزیک بە ١٠٠ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێن.

پێشتر شاهید عەلەوی ئەندامی ئەندامی پێشووی کانوونی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە کوردپای راگەیاندبوو؛ دابەش کردنی ناعادڵانەی بوودجە کە دەبێتە هۆی بەرین بوونەوەی هەژاری و لەسەر بوودجەی پەروەردە و بارهێنانیش کاریگەریی دەبێت، بەو هۆیەوە کێشەی قوتابخانەکان پەرە دەستێنێت و لە ئەنجامدا ئەم کێشەیە بەرەوڕووی قوتابخانەکان دەبێتەوە و بنەماڵەکانیش بە شێوەی جۆراوجۆر ناچار دەبن بەشێک لە تێچووی پەروەردەیی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ.