کچە خوێندکارێکی کورد بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

13:55 - 30 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز حوکمی زیندانی کردنی کچە خوێندکارێکی خەڵکی ئەو شارەی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەز، دادگای ئینقلابی شارستانی سەقز بۆ سەحەر فەیزی کچی مستەفا حوکمی ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری بڕیەوە.

ئەو کچە خوێندکارە تەمەن ٢٥ ساڵەیە بە تۆمەتی\"چالاکیی تەبلیغاتی دژی نیزام\" تاوانبار کراوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: سەحەر فەیزی لە لقی دووی دادگایی ئینقلاب ئامادە و حوکمی زیندانییەکەی پێی ڕاگەیاندراوە.

سەحەر فەیزی خوێندکاری زانکۆی شاری تەورێز ڕۆژی ٢٣ پووشپەڕ ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵی باوکیدا لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا.

ناوبراو پاش چوار مانگ زیندانی بە دانی بارمتەی ٢٠٠ میلیون تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

شایانی باسە ئەو خوێندکارە کوردە لە ڕەوتی دادگایی کردنیدا، لە بوونی پارێزەر بێبەش کرابوو.