کچە خوێندکارێکی بۆکانی پاش دوو حەفتە دەستبەسەری چارەنووسی ناڕوونە

15:57 - 9 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: خوشک و برایەکی بۆکانی پاش دوو حەفتە دەستبەسەر کران، هەتا ئیستا چارەنووسیان بە ناڕوونیی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی خوێندکاری زانکۆی پەیام نوور لە شاری بۆکان کە هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\" رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر دەستبەسەر کران، پاش ٢ حەفتە لە دەستبەسەری، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بنەماڵەی بایزیدی لە ماوەی ئەو ٢ حەفتەیەدا بە بەردەوامی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانیان کردووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان پێیان راگەیاندوون کە رۆڵەکانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد راگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی کە کەسووکاری ئەفسانە و شاهۆ بایزدی سەردانی ئیتلاعاتی شاری مەهابادیشیان کردووە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەهاباد بێ ئاگایی خۆیان لە چارەنووسی ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی دەربڕیوە.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە بەهۆکارێکی ناڕوون لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی کە رێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییە ک لەبەر دەستدا نییە.