کچە خوێندکارێکی بۆکانی سزای زیندانی بۆ بڕایەوە

15:03 - 7 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٢ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ کچێکی ٣٠ ساڵە دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد، ئەفسانە بایەزیدیی بە ٢ ساڵ زیندان حوکم داوە.

سەرۆکایەتی ئەو دادگایە کە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بەڕێوە چووە، لە ئەستۆی قازی \"جەوادی کیا\" بووە.

\"29075.jpg\"
ئەفسانە بایەزیدی
هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: ئەفسانە بێجگە لە سزای زیندان، بڕیاری تێپەڕکردنی ئەو حوکمە لە زیندانی ناوەندیی شاری کرماشانی بۆ دەرکراوە.

قازی ئەم دادگایە، ئەفسانەی بە \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" و \"سووکایەتی بە ڕێبەری\" تاوانبار کردووە.

ڕاپۆڕتی نێردراو باس لەوەش دەکات کە ئەم کچە خوێندکارە لە بوونی پاریزەر بێ‏بەش کراوە و لە لایەن قازیی دادگاش بێ‏ڕێزی پێ‏کراوە.

ئەفسانە بایەزیدی لە نێوەڕاستی ڕەزبەری ئەو ساڵ، لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەکان لە زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دەرکرا.