کچە خوێندکارێکی بۆکانی بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا

14:13 - 14 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردن و فشار بۆ سەر چالاکانی خوێندکاریی کورد، کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان و خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری ئەو شارە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەفسانە بایزیدی تەمەن ٢٨ ساڵ، کچی ئەبووبەکر و خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ بڕایەوە.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە، رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی شاهۆ بایزیدی لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و پاش ٢٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا.

ئەفسانە بایزیدی پاش ئازادکران لە زیندان، لەلایەن حەراسەتی زنکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە ئاگادار کرابوویەوە، هەتا ئەو کاتەی رەوتی پەروەندەکەت روون نەبێتەوە مافی هاتنە زانکۆت نییە.

دەگوترێت، ئە کچە خوێندکارە لە کۆتایی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا سەردانی زانکۆی پەیتام‌نووری بۆکانی کردووە و حەراسەتی زانکۆ پێی راگەیاندووە، \"پاش کۆتایی هاتنی پشووی نەورۆزی وڵامت پێ ئەدەینەوە\".