کچێکی مێرمنداڵ لە شاری شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:47 - 9 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێكی مێرمنداڵ خەڵکی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری شنۆ، بە هۆکاریكێ نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، کچێکی مێرمنداڵ، خەڵکی گەڕەکی \"ڕەحیماوا\"ی شاری شنۆ دەستی دایە خۆکوژی.

شوناسی ئەو کچە مێرمنداڵە، بە ناوی \"ئاشنا مەحموودی\" تەمەن ١٤ ساڵ کچی واحید دانیشتووی گەڕەکی \"ڕەحیماوا\"ی شاری شنۆ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: ئاشنا تەمەن ١٤ ساڵ بە شێوەی خۆهەڵواستن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمە دووهەمین جارە ئەو کچە مێرمنداڵە هەوڵی خۆکوژی دەدات و ساڵی ڕابردوودش هەوڵی خۆکوژی دابوو، کە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە ڕزگار کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری خۆکوژی ئەو کچە مێرمنداڵە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا بە ئەژمار دێن.