کچێکی لاو لە شاری ورمێ بە شێوەیەکی تراژیک خنکێندرا

20:58 - 19 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: کچێکی لاو لە شاری ورمێ، بەهۆی \"تێروانینی عەشیرەیی‌\"یەوە، بە شێوەیەکی تراژیک گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ، بەهیوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی، ماڵی خۆیانی بەجێهێشتبوو، لەلایەن دایکیەوە کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو کوڕەی کە کچەکەی لەگەڵ رۆیشتووە، چۆتە ماڵی زۆربەی خزمەکانی خۆی، بەڵام هیچکام لەوان درگایان لێ نەکردۆتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کچەکە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان، کە پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەستبەجێ لەلایەن دایکییەوە بە پەت خنکێندراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو، دایکی ئەو کچە گوتوویەتی لەبەر ئەوە کچەکەی خنکاندووە، کە ئەو ٦ کچی دیکەی دەرسی لێ وەرگرن و لە ماڵەوە \"را نەکەن\".

دەگوترێت، ئەو کچە کوژراوە ئەندامی بنەماڵەیەکی سەربە عەشیرەتی جەلالی لە شەهرەکی کوشتارگای ورمێ بووە.

چالاکانی کۆمەڵایەتی زاڵبوونی فەرهەنگی خێڵەکی و عەشیرەیی، نەبوونی ئیرادەیەکی جیدی بۆ لابردنی جۆرەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگە، بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بنەماڵەیی لە قەڵەم ئەدەن.