کچێکی لاو لە شاری بانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:59 - 26 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد، کچێکی لاو خەڵکی شاری بانە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی خۆی کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز، کچێکی لاو بە ناوی \"نەسیم سەعیدی\" تەمەن ١٨ ساڵ کچی ڕەزا، لە شاری بانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە لاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، بە شێوازی خواردنی \"حەب\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەمڕۆکە خۆکوژی وەک دیاردەیەک لە نێو هاووڵاتییانی کوردستان، لە ڕێگا و شێوازە جۆراوجۆرەکاندا خەریکە پەرە دەستێنێ و بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٧ حاڵەتی خۆکوژی ڕوویان داوە.

لە کۆی ئەو٢٧ کەسە، دوو کەس ڕزگار کراون، ١١ کەس لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٧ کەس لە ڕێگای خۆسووتاندن، ٢ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج، دوو کەس بە هۆی خۆهەڵدانە خوار لە سەر شاخ و ٢ کەسی دیکە بە هۆی خۆخستنە نێو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لە ٢٧ کەسە ٥ کەسیان لە خوارەوەی ١٨ ساڵ بوون.

بە بڕوای دەرونناسان، دەزگای نیزامی و قەزایی دەبێ کۆتایی بهێنن بە هەڵاواردن و نادادپەروەری و دزی کردن، کە تۆوی بێهیوایی لە کۆمەڵگادا دەچێنن و ئەم پرسە بە جیددی وەربگرێت و بەرەنگاری ئەم گەندەڵییانە ببنەوە.