کچێکی خوێندکار بەشێوەی گوماناوی لە زانکۆی کوردستان گیانی لە دەستدا

14:22 - 27 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەگەری سووتاوی بە هۆی تێزاو ڕشتن بە کچێکی خوێندکاری کورد لە ئارا دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەتوویە کچێکی خوێندکار لە شاری سنە لە ڕووداوێکی نادیار تووشی سووتان لە بەشی دەموچاویەوە بوو.

ناوبراو لە کاتی سەردانی لە سەیرانگای ئاویەر تووشی تێزاو ڕشتن بە ڕوخسایەوە بووە.

ئەم کچە خوێندکارە خەڵکی شاری قۆروەیە کە دوو ڕۆژ پێش لە نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لە دەستدا و ڕۆژی ڕابردووش تەرمەکەی لە شوێنی لە دایکبوونی ئەسپەردەی خاک کرا.

هەنووکە بەڕێوەبەری زانکۆی کوردستان پاش کاردانەوەکانی ڕای گشتی لە ڕاگەیەنەکاندا، باسی لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ڕووداوە کردووە و گوتوویەتی؛\"ئەگەری تێزاو ڕشتن بە دەموچاوی ئەو کچە خوێندکارەدا بوونی هەیە\".

شوناسی ئەو کچە خوێندکارە کوردە هەتا ئێستا ناڕوونە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کچە، خوێندکاری تێرمی نۆهەمی بەشی زانستی ئاژەڵان لە زانکۆی کوردستان بووە.

بەپێی ئامارە نیوە فەرمییەکان، لە ئێراندا ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەبنە قوربانی تێزاو ڕشتن کە هۆکاری ئەم کردەوە، بۆ تۆڵە کردنەوە،بەزۆر پارە وەرگرتن، کێشەی نامووسی، کێشەی بنەماڵەیی و ڕق و قینی کۆن دەگەڕێتەوە.