کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە ناوچەی سەردەشت کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

14:27 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بەهۆکارێکی ناڕوون لە ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بەناوی ماریا رێحانی کچی خدر و خەڵکی گوندی \"قەڵا رەشە\"ی سەردەشت لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کچە تەمەن ١٣ ساڵەیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ماریا هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە و کاتژمێر ١٠،٣٠ی شەوی یەکشەممە بە بیانووی کڕینی کارتی تەلەفۆن، خۆی لەدایک و خوشکی دزیوەتەوە و لە ژێر زەمنینی ماڵەکەیاندا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ناوبراو گوتیشی، ماریا لە کاتێکدا سەرجەم کلیلەکانی لەگەڵ خۆیدا بردبوو، دەرگای سەرجەم ژوورەکانیشی لەسەر خۆی داخستبوو.

تەمەنی خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و هەر لەو پەیوەندییەدا چەندین منداڵ لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە شاری ورمێ بەهۆیەکی ناڕوون هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەروەها رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵەی ئیلامی بەهۆی دروستبوونی کێشە لەگەل بنەماڵەکەی خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ بەناوی \"سەفوورا سەعیدە\" خەڵکی گوندی \"پەسوێ\"ی پیرانشار کە مانگێک پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.