کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە دێولان، لەژێر ناوی (پاراستنی شەرەف)دا سەربڕدرا

14:06 - 14 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٩ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی دێولان، لەلایەن برایەکی خۆیەوە بە قەستی کوشتن، سەری بڕدراو مەترسیی گیان لەدەستدانی لە ئارادایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێک بەناوی سروە، تەمەن ١٩ ساڵ و کچی ئیبراهیم، کە خەڵكی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی دێولان لە ئوستانی کوردستان بووە، بە دەستی براکەی سەربڕدرا.

دەگوترێ، ئەو کچە تەمەن ١٩ ساڵەیە بەهۆی کێشە و فشاری بنەماڵەیی لە ماڵەوە هەڵاتبوو، کە سەرئەنجام رۆژی هەینی (١٢ی بەفرانبار) برایەکی خۆی، بە چەقۆ سەری بڕیبوو.

سروە، کە لە ئێستادا لە بەشی (ئای. سی. یوو)ی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە، مەترسیی گیان لەدەستدانی لە ئارادایە.

دوکتورەکانی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە رایانگەیاندووە، بەهۆی زەبری کاریگەری ئەو چەقۆیە کە لە ملی سرووە دراوە، ئەگەری زیندوو مانەوەی ناوبراو زۆر کەمە.

کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی نامووسدا (قتل ناموسی) وەکوو زەقترین حاڵەتی توندوتیژی دژبە ژنان لە هێندیک لە ناوچەکانی کوردستان لە ئارادابووەو لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی ژن کوشتن لە شارەکانی وەکوو سەردەشت، مەریوان، کامیاران و چەندین شاری دیکەی کوردستان لەژێر ناوی (پاراستنی شەرف و نامووس)دا کوژراون.

چالاکانی مافی ژنان لەو باوەڕەدان کە کۆمەڵێک فاکت لە ناوچە کوردنشینەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە، ژنان وەکوو مڵک سەیر بکرێن و ئەم بیرۆکەیەش بەهۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردییەوە، لە حاڵی بەهێزبوون دایە\".