کچانی شیناوێ لەشەقامی پاستۆری تاران مانیان گرت

19:44 - 3 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی ١٢ کچی برینداری رووداوی قوتابخانەی شیناوێ پاشینوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەر دەم کۆشکی سەرکۆماریی لەشاری تاران، مانیان گرت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێریک پێش ئێستا کچە قوتابییانی شیناوێی پیرانشار هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە شەقامی پاستۆر و بە مەبەستی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم دەفتەری حەسەن رووحانی سەرکۆماڕی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە.

باوکی یەکێک لەو کچانە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاند، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی وەزارەتی پەروەردە لەمەڕ دابین نەکردنی تێچووی دەرمانیی کچانی شیناوێ، لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌شەممەوە لە بەردەم کۆشکی سەرۆک کۆماریی مانمان گرتووە و هەتا ئەو کاتەی لەگەڵ حەسەن رووحانی چاوپێکەوتن نەکەین، بەرەو کوردستان ناگەڕێینەوە.

عەلی ساڵح باوکی نادیا ساڵح لە درێژەدا گوتیشی زۆربەی ئەو کچانە دۆخی جەستەییان نالەبار و بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی \"فاتیمەی زەهرا\" و \"موحەبەت\"ی تاران دەڵێن تا ئەو کاتەی کە تێچووی دەرمان دابین نەکەن، هێچ نەشتەرگەرییە و چارەسەرییەک بۆ ئەو کچانە ئەنجام نادرێت.

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی ئەو مانگرتنە وێڕای رخنەی توند لە نوێنەری پیرانشار لە مەجلیس ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند، رەسووڵ خزری لە مزگەوتی گوندی شیناوێی پیرانشار بەڵێنی یارمەتیدانی پێنج میلیارد تمەن تێچووی دەرمانی بەو کچانە دابوو، بەڵام نەک هەر جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو تێچووی دەرمانی ١ ساڵی رابردووشیان بە ئێمە نەداوە.

رۆژی پازدەی سەرماوەزی ساڵی رابردو، ٣٧ قوتابیی کچی قوتابخانەی سەرەتایی بە هۆی ئاگرگرتنی پۆلی خوێندەنەکەیان لە گوندی شیناوێی پیرانشار لە ئوستای ئازەربایجانی رۆژئاوا، تووشی سووتان بوون کە لەو رووداوەدا دوو کچە قوتابی بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە\" و \"سارینا رەسوڵزادە\" گیانیان لەدەست دا.