کچانی شیناوێ بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ئامریکا دەکرێن

21:53 - 23 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری کچانی شیناوێ ڕایگەیاند کە کچانی شیناوێ پاش تەواوبوونی تاقیکارییەکانیان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی ئامریکا دەکرێن.

\"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز\"، پارێزەری کچانی شیناوێ باسی لە ڕەزامەندیی هەیئەتی پزیشکی بۆ بەرێکردنی کچانی شیناوێ بۆ چارەسەریی پزیشکی لە وڵاتی ئامریکا لە ڕێکەوتی ٢٢ جۆزەردانی ئەمساڵدا کرد.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیلنا\" ڕایگەیاندووە: \"بەپێی ئەو قسانەی که کراوە لەگەڵ چارەسەریی پزیشكی ئەو کچانە لە دەرەوەی وڵات ڕەزامەندیی کراوە و بڕیاره پاش تاقیکارییەکان دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست لە بەرچاو بگیردرێت و لەو پەیوەندییەدا کۆمیسیۆن پێکهێنراوە و بەڵگەی پزیشکیشیان پێدراوە\".

بە وتەی ئەحمەدی‌نیاز،\"پزیشکانی ئێرانی، دانیشتووی وڵاتی ئامریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کچانە ڕەزامەندیان دەربڕیووە و هیوایان خواستووە بە هۆی ئەو ئیمکاناتەی کە لەو وڵاتەدا هەیە ئەو کچانە چارەسەر بکرێن\".

پاڕێزەری کچانی شیناوێ لەو وتووێژدا ڕەوانەکردنی کچانی شیناوێی بۆ وڵاتی ئامریکا بۆ چارەسەر پزیشکی پشتڕاست کردووتەوە.

سەرەتاییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری کچانی شیناوێ خوازیاری دانی تێچووی نەشتەرگەری کچانی شیناوێ لە لایەن دەوڵەتەوە بوو.

پارێزەری کچانی شیناوێی پیرانشارلە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: ماوەی ٦ ساڵە لە ئێش و ئازارەکانی ئەو کچانە تێدەپەڕێ، دەبێ دەوڵەت قەرەبووی ئەو هەموو ئازارە بکاتەوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری بۆ ئەو کچانە کراوە، دەبێت دەوڵەت قەرەبووی ئەو زیانلێکەوتووانە بکاتەوە.

ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣٧ قوتابی کچ بە هۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لەڕادەبەدەر بوون و دوو قوتابیش بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە و \"سارینا ڕەسووڵزادە\" بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا.