کوڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی پیرانشار کوژرا

16:00 - 18 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەخشی لاجانی سەربە شاری پیرانشار، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵكی ناوچەی سەردەشت‌یان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"گوڵی نی\" بەناوی عوسمان خزریان، کە لە خاڵی سنووریی پیرانشار سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، عوسمان خزریان تەمەنی ٣٣ ساڵ و خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە، کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی رووی لە کۆڵبەری کردنی سنووری پیرانشار کردبوو و لە کوێستانەکانی گوندی \"سیلوێ\"ی پیرانشار بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی عوسمان خزریان لە نەخۆشخانەی شاری نەغەدە راگیراوەو تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

دەگوترێت، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەی سەردەشت و کەسووکاری ئەو کۆڵبەرە کوردە لەبەر دەم نەخۆشخانەی شاری نەغەدە کۆبوونەتەوە و بەرپرسانی نەخۆشخانەش هۆکاری ئەو رادەست نەکردنەوەیە بۆ بڕیاری هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەگەڕێننەوە.