کوژراو و بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بە هۆی لافاوەوە

15:10 - 27 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: شەپۆڵی باران بارین لە شارەکانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەساری گیانیی و ماڵیی زۆری بەدواوە بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوە، بارینی باران و هەستانی لافاو لە شارە جیاجیاکانی ئێران، گیانلەدەستدانی ژمارەیک هاووڵاتیی لێ کەوتەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری قەیرانەکان لە ئێران بڵاوی کردەوە، هەتا ئێستا ژمارەیەک لە گیانلەدەستداوانی ڕووداوی هەستانی زریان و لافاو لە پارێزگاکانی، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و کوردستان گەیشتووەتە ٤١ کەس و هەنووکە ٧ هاووڵاتیی دیکە بێسەروشوێنن.

ئیسمائیل نەجاڕ دەڵێت: هەتا ئیستا تەرمی ٦ هاووڵاتی لە شاری \"ئازەرشەهر\"ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دۆزراونەتەوە و ژمارەی گیانلەدەستداوەکان لەو شارەدا بە ١٨ کەس گەیشتووە.

هەروەها لە گوندی \"چنار\" سەر بە شاری \"عەجەب شێر\"، نزیکەی ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندە بێسەروشوێن ببوون کە تەرمی ١٨ کەسیان لە ئاو گیراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بە هۆی بارینی باران و هەستانی لافاو لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، نزیکەی ١٠ هاووڵاتی بوونە قوربانیی ئەو ڕووداوە سروشتییە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، ناوی ئەو هاووڵاتییانەی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە وێنەوە بڵاوکردەوە.

هەروەها بەشێک لە ئاواییەکانی شاری نەغدە وەکوو \"دوورگە_سەرپردێ و ئادی\" بە هۆی هەستانی لافاو و زریانەوە بە تەواوی چۆڵ کراون.

بەڕێوبەری گشتی ڕێگاوبانەکان (ڕاهداری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: ٢٥٠ میلیارد ڕیاڵ خەسارەت بەر ڕیگاوبانی شارەکانی شنۆ و پیرانشار کەوتووە و بەشی کشت و کاڵیش ١٥٠٠ میلیارد ڕیاڵ خەساری بەرکەوتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان ئامارێکی ورد و دروستیان لە مەڕ خەسارە گیانی و ماڵییەکان نەدرکاندووە و شیمانەی ئەوە دەکرێت کە قوربانییەکان زیاتر لەو ئامارە بن لە بڵاوکراونەتەوە.