کوژراو و برنیداربوونی ١٤ ئەندامی موجاهیدین لە کەمپی لیبرتی

20:18 - 25 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمپی لیبرتی موجاهدینی خەڵق لە رۆژئاوای شاری بەغدا خومپارە باران کرا و لە ئەنجامدا ١٤ ئەندامی ئەو ریکخراوەیە کوژران و بریندار بوون.

ماڵپەڕی خەندان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، پاش نیوەڕۆ ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان لە ئەنجامی خومپارە باران کردنی کەمپی لیبرتی ٣ کەس لە ئەندامی رێکخراوی موجاهدینی خەڵق کوژران و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون

\"13282.jpg\"
رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران ساڵی ١٣٤٤ دامەزراوە و ساڵی ١٣٦٠دا بە شێوەی فەرمی بەدژی حکوومتی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە چەک و لە دەیەی ٨٠ی زایینییەوە لە کەمپی \"ئەشرەف\" لە ٥٧ کیلۆمیتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا نیشتەجێ بوون.

هە تا ئێستا ئاماری راستەقینە لە رێژەی قوربانیانی ئەو خومپارە باران کردنەی کەمپی موجاهدین خەڵق لەلایەن هیچکام لە هەواڵدەرییەکانی دیکەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

پێشتریش لە ریکەوتی ٢١ی رێبەندانی ساڵی رابردووشدا کەمپی موجاهدینی خەڵق هێرشی کرایە سەر و لە ئەنجامدا رێژەیەکی بەرچاو بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە.

دوابەدوای رەزامەندی دەربڕینی دەوڵەتی ئاڵبانی سەبارەت بە وەرگرتنی ئەندامانی موجاهیدینی خەلقی ئێران، لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا دوو گروپی ١٤ و ٣٠ کەسی لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە بۆ وڵاتی ئاڵبانی بەرێ کراون.