کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەری کورد لە شارەکانی مەریوان، ورمێ و سەڵماس

13:07 - 21 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"غالب کویەک\" خەڵکی گوندی \"دزەوەن\" سەر بە شاری مەریوان لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەسدا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئەنجامی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان ئەم کۆڵبەرە کوردە گیانی لە دەسدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٦ بەیانی ڕۆژی ٢٠ خەزەڵوەر، هێزە ئینتزامییەکان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە دەست هێزە نیزامییەکان بووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کۆڵبەرە کوردە، چەند گوللەیەک لە لای پشتەوە بەری کەوتووە و ئەمەش بووتە هۆی گیانی لە دەستدانی ناوبراو.

غالب کویک خێزاندار و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری ورمێ بە بێ‌ئاگادار کردنەوەی پێشوو دەکەونە بەردەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ماهیر شینی\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی عۆسمان خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، بە سەختی بریندار و بارودۆخی گشتیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیاندراوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندیی دەرمانی شاری ورمێ کراوە.

هەروەها ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"شپیران\"ی سەڵماس، دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامی ئەو دەسڕێژیەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد وەلی‌پوور\" کوڕی حەسەن پێکراوە.