کوژران و بریندار بوونی دوو هاووڵاتیی لە شاری سەرپێڵی زەهاو بە تەقینەوەی مین

16:04 - 1 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، کوژراو و بریندار بوونی دوو هاووڵاتیی بە دواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕ، تەقینەوەی مین لە ناوچەی\"سەرقەڵا\" سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، بوو بە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و بریندار بوونی کەسێکی دیکە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە گیان لە دەستدراوە بە ناوی\"عادڵ وەلی زادە\" کوڕی حەمید خەڵکی ناوچەی دەوڵەت ئاوای شاری کرماشان ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گەڵ یەکێک لە خزمانی لە کاتی کارکردنی لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، بە هۆی مینێکی بە جێماوی شەڕی ئێران و عێراق، تووشی ئەو ڕووداوە دەبن.

هاووڵاتییە بریندار بووەکەش کە تا ئێستا شوناسی ڕانەگەیەندراوە، هەنوکە بۆ چارەسەری پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

بەرکەوتووانی تەقینەوەی مین بە جۆرێک لە قوربانیانی شەڕ بە ئەژمار دێن، بەڵام بە گشتی لە خزمەتگوزاری و ئیمکاناتێک کە بۆ بەرکەوتووان(کەمئەندامان) و بنەماڵەی کوژراوەکانی (شهدا) شەڕ دەدرێت، بێبەرین.

لە وڵاتی ئێران یاسایەکی ڕوون بۆ چارەسەری و پشتیوانی خۆڕایی لە قوربانیانی مین بوونی نیە.

لە نێو وڵاتانی جیهان، ئێران یەکێک لەو ٣٦ وڵاتە بە ئەژمار دێت کە هەتا ئێستا ڕێککەوتنامەی بە کارنەبردنی مینی واژۆ نەکردووە و هەروەها بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی پووچەڵ نەکراوە لە دەورانی شەڕی ئێران و عێراق لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران بوونی هەیە، کە دەوڵەت هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو مینانە نەداوە.