کوژران و بریندار بوونی دوو هاووڵاتیی بەلوچ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

13:45 - 3 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی بەلوچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی گرنچنی شاری خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژران‌و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕەزبەر، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی گرنچنی شاری خاش ماشینی دوو هاووڵاتیی بەلوچیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا یەکێکیان کوژرا و یەکێکی دیکەیان بریندار بوو.

ماڵپەڕی کەمپەینی چالاکانی بەلوچ شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلوچەی بە ناوەکانی\"حامید شەهنەوازی\" کوڕی فەقیر محەممەد و \"مەسعوود شەهنەوازی\" کوڕی عادڵ ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە دوو ڕێیانی گرنچن لە جاددەی سەراوان ماشینی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلوچەیان داوەتە بەردەستڕێژی گوللە.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان حامید شەهنەوازی گیانی لە دەست داوە و مەسعوود شەهنەوازیش بە سەختی بریندار بووە.

دەوترێ، مەسعوود شەهنەوازی خوێندکار و برازای حامید شەهنەوازی بووە.