کوژران و برینداربوونی ١٢ کۆڵبەر و بێسەروشوێنبوونی ٣ کۆڵبەر لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی

12:55 - 2 رێبەندان 2721

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ١٢ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژرا و بریندار بوونە و ٣ کۆڵبەری دیکە لەنێو بەفر و کڕێوەدا بێسەروشوێن بوونە.

لە کۆی ئەم ئامارە، کۆڵبەرێک لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا و ١١ کۆڵبەری دیکەش لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، بەربوونەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین بریندار بوونە.

هەروەها ٣ کۆڵبەری خەڵکی گوندی "باوان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە سنووری تورکیە و ورمێ لەنێو بەفر و کڕێوە ون بوونە و هەتا ئێستا هەوڵ و تێکۆشانەکان بۆ دۆزینەوەی ناوبراوان بێئاکام ماوەتەوە و خەڵکی ناوچەکە هەروا لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو٣ کۆڵبەرەدان.

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ماوەی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ؛

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان؛ ٨ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی؛ ٢ حاڵەت

تەقینەوەی مین؛ ٢ حاڵەت

بێسەروشوێنبوون لەنێو بەفر و کڕێوە؛ ٣ حاڵەت

لە ماوەی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، سنووری نەوسوود بە ڕێژەی ٨ کەس زۆرترین حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەرانی لێ کەوتووەوتەوە و هەروەها سنووری بانە بە ڕێژەی ٤ کۆڵبەری کوژراو و برینداربوو پلەی دووهەمی هەیە.

وردەکاریی زیاتر لەبارەی ژمارەیەک لە کۆڵبەران؛

ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانبار، کۆڵبەرێک بە ناوی "عوسمان محەممەدی" بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود کەمئەندام بوو. هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٩، برای ئەو کۆڵبەرە بە ناوی "وەزیر محەممەدی" لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیران لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانبار، "مێهران ڕەحمانی" یەکێک لە کۆڵبەرانی کوژراو لە سنووری بانە کە لەگەڵ خاڵۆکەی بە ناوی "ئیبراهیم ڕەحمانی" چووبوونە کۆڵبەری لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژرا و خاڵۆکەشی بریندار بوو. مێهران ماوەیەکی زۆر نەبوو کە ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.