ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "شێرکۆ چاوشینی" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "ورچەک" سەر بە شاری سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "سەرتەزێن"ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە بریندارەی، "محەممەد" خەڵکی شاری سەقز و "دانا شەعبانی" خەڵکی گوندی "ئەنجێنێ"ی شاری بانە، ڕاگەیاندووە.
هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی ئەو کۆڵبەرانە لە سنووری "سەرتەزێن" تەقەیان لێ کردبوون.
کۆڵبەرانی بریندار لەو ڕووداوە لاقیان بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی کراون.
شێرکۆ چاوشینی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.