کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت لە سنووری شێخ سڵە لە سەلاسی باوەجانی

20:37 - 12 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامیە حکوومەتییەکان لە سنووری \"شێخ سڵە\"ی سەلاسی باوەجانی کوژران و بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، نیزامییە حکوومەتییەکان، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شێخ ساڵحیان دایە بەر دەسڕێژی گوللـە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"بروومەند بەهرامی\"، خەڵکی گوندی زیارەت تەمرخان، سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"هووشیار نەمامی\" و \"ئەرکان بەهرامی\" بە توندی بریندار بوون.

\"\"برووموند بەهرامی
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیزامییە حکوومەتییەکان بە بێ هۆشداریدانی پیشوو، ئەم گرووپەیان لە سنووری \"شێخ ساڵح\" داوەتە بەر ڕەگباری گوللـە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: \"هووشیار نەمامی\" و \"ئەرکان بەهرامی\" کە لەم ڕووداوەدا بە سەختی بریندار بوونە بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون.

دۆخی گشتیی ئەم دوو کۆڵبەرە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"خزر موفید\"، کوڕی محـەممەد خەڵکی گوندی \"گومان\" سەر بە شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، گیانی لە دەست دا.