کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقینەوەی مین

14:33 - 19 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مینە بە جێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەمە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد پاش ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی \"قەمتەرە\"ی شاری پیرانشار دەکەونە نێو گۆڕەپانێکی بە مێن چێندراو کە پاش تەقینەوەی یەکێک لە مینەکان، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی\"ئەمیر خان ڕەخیدە\" کوڕی مارف خەڵکی گوندی\"تەرکشی خواروو\" گیانی لە دەست دا.

\"\"
ئەمیر خان
هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی\" مستەفا ئەحمەد پوور\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی\"شەختان\"ی پیرانشار لاقی ڕاستی لەو ڕووداوەدا لە دەست داوە و لاقی چەپی بە سەختی بریندار بووە و ئەگەری بڕینەوەی هەیە و چاوی چەپیشی هیچ شوێنێک نابینێ و \"پەیمان زارعی\" هەروەها بریندار بووە.

مستەفا ئەحمەدپوور هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد خەوێندراوە و پزیشکی ئەو نەخۆشخانە باری تەندروستی نابراویان بە نالەبار ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، چەند کۆڵبەرێکی کوردی دیکەیان لەو پەیوەندییەدا دەسبەسەر کردووە.

\"\"
مستەفا ئەحمەد پوور
قەیرانی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کوردی ناچار کردووە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری بکەن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە هۆی سەرمابردوویی و تەقینەوەی مین، کۆڵبەران لەگەڵ کوژران و برینداربوون بەڕەڕوو دەبنەوە.

بەپێی ئامارەکان، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێندراوە کە دەکاتە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرتاسەری خاکی ئێران و لەم نێوانەشدا پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ بە هۆی ئەمنییەتی بوون و هەروەها سنووری بوون، زۆرترین مینە چێندراوەکانییان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.