کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لەخاڵی سنووریی "بەستام"‌ی سەقز

14:36 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سپای پاسداران لەئەنجامی راوەدوونانی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنووردا کەوتە سەر مینی چێندراوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران - ئێراق و کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٧ی مانگی رەزبەری ئەمساڵ ئەندامێکی سپای پاسداران بەناوی \"محەممەد ئەحمەدی\" خەڵکی شاری بانە لەناوچەی سنووریی بەستام و کانامەت، کەوتە سەرمینی چێندراو و گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد ئەحمەدی کە یەکێک لە ئەندامانی مقەڕی سپای پاسداران لەگوندی بەستام بووە، بەمەبەستی بۆسە نانەوە بۆ کۆڵبەرانی سەرسنوور بەرەو خاکی هەرێمی کوردستان داگەڕاون و لەئەنجامدا بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق گیانی لەدەست داوە.

دەگورێت کە هیزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەپایەگای بەستام دەستێکی باڵایان لە ئازار و ئەزیەت کردنی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریواندا هەیە و رۆژانە سەرەڕای ئەوەی باری کۆڵبەران زەوت دەکەن، بەردەوام بۆسەیان بۆ دەنێنەوە تەقەیان لێ دەکەن.