کوژرانی ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە ناوچەی سەردەشت

14:27 - 22 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو چەکدارێکی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سەردەشت بەدەستی کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی رەزبەر چەکدارێکی سپای پاسداران بەناوی \"یوسف حەیاک\" خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچکام لە میدیا حکوومەتییەکانی ئێران کوژرانی ئەم ئەندامەی سپای پاسدارانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەی سەردەشت گیان لەدەست دانی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانیان بۆ ئاژانسی کوردپا پشتڕاست کردووەتەوە.

لەرۆژانی رابردووشدا پێنج چەکداری سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی بانە، لە پێکدادنێکی چەکداریدا لەگەڵ کەسانیکی نەناسراو کوژران.

لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا چەندین پێکدادانی چەکداریی قورس لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هاتوونەتە ئاراوە کەلە سەرجەمی ئەو پێکدادانەدا چەندین کەس لەئەندامانی سپای پاسداران کە هاووڵاتیی کورد بوون، کوژراون.

کارناسان و چاوەدێرانی کاروباری سیاسیی وڵاتی ئێران، ئەو جۆرە رووداوانە بە پاکانەی شەخسی و پلان‌بۆداڕێژراوی نێو دەزگا ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم ئەدەن، کەلە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا لەلایەن لێپرسراوانی ئەو حکوومەتەوە پەیڕەو کراوە.

بوونی ئەم رووداوانەش لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا \"هیوا تاب\" یەکێک لە ئەندامانی بەپێشینەی سپای پاسداران لەشاری مەریوان و فەرماندەی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە درا.