کوژرانی گوماناوی لاوێکی کورد لە نەوسوود

16:46 - 5 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری نەوسوود لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بەشیوەی گوماناوی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی تەرمێ لاوێکی کورد خەڵکی شاری نەوسوود بە ناسناوی \"حەسەن زادە\" لە ژێر پردی \"ئیناخی\" لە ناوچەی نەوسوود، دۆزرایەوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە رایانگەیاندووە، چەند رۆژ پێش ئێستا رۆڵەکەیان رفێندراوە و رۆژی هەینی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری کوژرانی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی شاری نەوسوود و شوناسی بکوژەکانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێت چەند ساڵ پێش ئێستاش \"مام\"ـی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شاری روانسەر و لە شوێنی کارەکەی رفێندرا و پاش چەند رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوەهەتا ئیستا ١٧ هاووڵاتیی کورد لە دەرەوەی ماڵ و بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە کەلەکۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان ژن بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.