کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

16:08 - 1 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئێران بوو بە هۆی کوژرانی کۆڵبەرێک و برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی پووشپەڕ هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا و دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

\"\"
محەممەد دابڕان
هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: تەقەکردن لە کۆڵبەران لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی جێگر لە پایگای \"نەجەفی\" پیرانشار ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەر گیان لەدەست داوەی بە \"محەممەد دابڕان\" ڕاگەیاند.

لەو ڕووداوەدا دوو کۆڵبەری دیکە بە سەختی بریندار بوون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ئەوان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبۆتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ڕووداوە ئەو دوو کۆڵبەرە بریندارە بە هۆی ترس لە دەست بەسەرکردن، بۆ ناوەندی دەرمانی نەگواستراوەتەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوژراوە خێزاندار و خاوانی سێ منداڵە.

لە لایەکی دیکەوە لە ئەنجامی ڕاودوونانی کۆڵبەران لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی شاخی \"سەڵماس\" کەوتەخوارەوە و بریندار بووه.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە سەڵماسییە \"موراد حاجیزادە\" ڕاگەیەندراوە.
دەوترێ شتومەکی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان دەستی بەسەردا گیراوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژە کەم داهاتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە ناوچە سنووریەکاندا خەریکی کۆڵکێشین، دەگوترێ.

ئەو توێژە زەحمەتکێشە بەهۆی هەژاری و دەستکورتی بۆ دابینکردنی بژێوەی بنەماڵەکەیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان دەکەن.

پێشتر ٢٥٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی کۆڵبەری کوژراوی خەڵکی شاری سەردەشت و کۆڵبەرانی دیکەی کوژراو لەم چەند ساڵەدا، نیگەرانی قوڵ و بێزاری خۆیان لە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژئامێز لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد و مەسەلەی کۆڵبەران دەربڕی.