کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران

13:35 - 1 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: تەقە و دەستڕێژی هێزەکانی هەنگی مەرزی لەناوچە سنوورییەکانی سەردەشت گیانی کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن ٤٥ ساڵی ستاند.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە لەناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هێزەکانی هەنگی مەرزی کۆڵبەرانی کوردییان داوەتە بەر ئاگری چەکەکانیان.

لە ئەنجامی تەقە و دەستڕێژییەکاندا کۆڵبەریک بەناوی \" کەریم مورادی\" تەمەن ٤٥ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەردەشت پێکراوە و پاش چەندین کاتژمێر لە ئەنجامی خوێنرێژی زۆرەوە تەرمی بێ گیانی دۆزراوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری کەسانی ئاگادارەوە رایگەیاند، کەریم مورادی لەگەڵ پۆڵێکی دیکەی کۆلبەر، هیچ کەلوپەلێکیان پێ نەبووە و ویستوویانە لەناوچە سنوورییەکانەوە بە کۆڵ کەلوپەل بگوازنەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی مانگی خاکەلێوەدا ٥ کۆڵبەری کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکی شیکاریی ـ ئاماریدا بڵاوی کردبوویەوە لە ساڵی ١٣٩٣دا، ٣٧ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژراون و ٤٢ دیکەش بریندار کراون.