کوژرانی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٥ ساڵ لەناوچەی سەردەشت

16:09 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لەناوچەی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"مەولوود هەمزەیی\" تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی حەسەن، بەدەستی هێـزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، گیانی لێ ئەستێندرا.

مەولوود هەمزەیی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \"قەلەرەشە\"ی سەربە شاری سەردەشت بووە کە تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی رووی لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان کردبوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو لەشوێنێک بەناوی \"کانی بەردان\" لەناوچەی \"باژاڕێ\" لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و شاری سەردەشت کەوتۆتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بە هۆی دەستڕێژی گولـلەی ئەو هێزانەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٣٧ رۆژی رابردوودا (لەسەرەتای مانگی رەزبەرەوە هەتا ئێستا)، ٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییەوە و بەپشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، زۆربەی هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.