کوژرانی کچێک بەدەستی باوکی خۆی، بۆکانی هەژاند + وێنـــە

14:25 - 6 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٣ ساڵە لە شاری بۆکان و لە نزیک گوندی \"کۆستە\" بەشێویەکی بێ‌بەزەییانە بە دەستی باوکی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی جۆزەردان کچێک بەناوی \"بەفرین مەعرووفی\" لەسەر رێگەی شاری بۆکان بۆ گوندی کۆستە لەلایەن باوکی خۆیەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو روووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەفرین لە ماشێنەکەی خۆیاندا لەگەڵ باوکی تووشی دەمەقاڵە هاتبوو و لە ئەنجامدا باوکی چەندین مستی لە دەم و چاوی کچەکەی دا و بەو هۆیەوە کچەکە خۆی لە ماشێنەکە فڕێ دابوو کە بە سووکی بریندار ببوو.

سەرچاوەکە راشیگەیاند: پاش ئەوەی بەفرین خۆی فڕی داوەتە خوارێ، باوکی ماشێنەکەی راگرتووە و بە پێلاقە کچەکەی خۆی کوشت و لە کاتێکدا گیانی لەدەست دابوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بۆکان کرا.

\"12933.jpg\"
بەفرین مەعرووفی
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، لە کاتێکدا چەندین کەس لە هاووڵاتییان بینەری ئەو رووداوە بوون، هیچ کەس وەک شایەتحاڵی ئەو ڕووداوە بۆ شایەتی دان بانگهێشتی ئیدارەی پۆلیس شاری بۆکان نەکراوە، ئەمەش تووڕەیی بەرینی هاووڵاتییانی شاری بۆکانی لێکەوتۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە باوکی بەفرین بەناوی \"ح. م\" لە لێکۆڵینەوەدا رایگەیاندووە، کچەکەی بەهۆی خۆ فڕێدان لە ماشینەکە گیانی لەدەست داوە.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردان تەرمی بەفرین لەلایەن خەڵکی شاری بۆکانەوە ئەسپەردەی خاک کرا.

کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو قوربانییە رایاناگەیاندووە،کە باوکی بەفرین چەند رۆژ بەر لەو رووداوە، هاوسەرەکی خۆی واتە دایکی بەفرینی دابوویە بەر لێدان و هەتا ئێستاش ئاسەواری برینداری بە جەستەیەوە دیارە.