کوژرانی کوڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە درێژەی هەیە

13:48 - 7 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە سەڵماس کۆڵبەرێکیان کوشت و لە نەوسوود سەر بە شاری پاوە هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران و کەلوپەلەکانیان زەوت کردن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپا نیشتەجێ لە ناوچەی \"دواوان\" لە نەوسوود هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران و پاش ئەزیەت و ئازاری کۆڵبەرانی کورد، دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانیان داگرت.

لە لایەکی دیکە بەپێی هەواڵە بەڵاوکراوەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"خۆسرەو ئەمین زادە\" خەڵکی گوندی \"زیندەشت\" سەر بە شاری سەڵماس بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنوور لە ناوچەی \"سەرو\" ورمێ گیان لە دەستدا.

دەوترێت ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی لە ناوچە سنوورییەکان دەستی داوەتە پیشەی کۆڵبەری.

هەووڵاتییانی کورد ناوچە سنوورییەکان بە هۆی بێکاری، هەژاری و هەڵاوسانی زۆر، روو دەکەنە پیشەی کۆڵبەری لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان.

هێزە نیزامیەکان و بە تایبەتی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی \"بەرگری لەر شتوومەکی قاچاخ\" بە بێ ئاگاداری و لە بەرچاوگرتنی کەڵک لە سیلاح، کۆڵبەران دەکەنە ئامانج بە هۆیە تەقەیان لێدەکەن.

پێشتر جێگری هەنگی سنووریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەواڵدەرییەکی سەر بە سپای پاسدارانی راگەیاندبوو: ئەو کۆڵبەرانەی بە شێوە نایاسایی کەلوپەل لە سنوورەکانەوە دێننە ئێران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستڕێژیان لێدەکرێت.