کوژرانی هاووڵاتییەک و خۆکوژیی دوو هاووڵاتیی کورد

16:23 - 5 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ورمێ و شائاباد، کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا،

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی شاری ورمێ، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی \"ع. دەریایی\" خەڵکی ناوچەی وەحدەت \"تەرزیلوو\" ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، پیاوێکی ٥٠ ساڵە، خەڵکی شاری شائاباد، پاش کوژرانی لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان، پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، دانیشتووی مەسکەن مێهری شەرەفاوای شائاباد، لاوێکی دراوسێی خۆیانی بە چەک کوشت.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" لە زاری جێگری کۆمەڵایەتیی فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، ئەو پیاوە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرەکان بووە، کە پاش کوژرانی ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵە، خۆیشی دەکوژێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی و پارێزگای کرماشان بەتایبەتی، شایەتی کوژرانی هاووڵاتییان بە چەک دەبین.

دەروونناسان لەو باوەڕەدان، کە شێوەکانى خۆکوژى لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکى دیکەدا دەگۆڕدرێت؛ واتە ئەو شێوەیەی کە کارەکتەرێک ناچار بە خۆکوژى دەبێت، بەپێى سروشت و جۆرى کێشەی سیاسى و کۆمەڵایەتى و سایکۆلۆژیى تاکەکان و ئاراستەى دامەزراوەکان، گۆڕانکارى بەسەردا دێت. بۆ نموونە لەو وڵاتانەى کە \"چەک\" تێیدا زۆرە و بە ئاسانى کەوتووەتە دەست زۆرینەى خەڵکەوە و یاساکانیش لە ئاست بنبڕکردن، یان ڕێکخستنیدا ڕۆڵ نابینن، دەبینین هەم تاوانى کوشتن هەم خۆکوژی لەم کۆمەڵگەیەدا زۆر بەربڵاوە؛ هەتا ئەو ئاستەى \"چەک\" لە یەکلاییکردنەوەى ململانێ و کێشەکاندا جێگەى دادگه‌کان دەگرێتەوە.