کوژرانی منداڵێکی تەمەن ٥ سال لە ورمێ بەدەستی باوکی

15:33 - 6 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆکارێکی ناڕوون لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ورمێ منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ، لەلایەن باوکییەوە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە گوندی \"قەرە قاچ\"ی سەربە شاری ورمێ منداڵێک لەلایەن باوکییەوە بە زەبری چەک گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەو رووداوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی رەشەمە هاتۆتە ئاراوە، کە هەتا ئێستاش هۆکاری کوشتنی ئەو منداڵە روون نەبۆتەوە.

هەرچەند هەتا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو منداڵە روون نەبۆتەوە، بەڵام بە بڕوای چالاکانی کۆمەڵایەتی ئەو جۆرە رووداوانە زیاتر پەیونەدیان بە توندوتیژیی بنەماڵەییەوە هەیە.

ئەو چالاکانە، نەبوونی یاسا لەمەڕ بەدواداچوون و سزادانی ئەنجامدەرانی کردەوەی تووندوتیژی، زاڵبوونی فەرهەنگی خێڵەکی و عەشیرەیی، هەژاری و کێشەی ئابووری، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، نەبوونی ئیرادەیەکی جیدی بۆ لابردنی جۆرەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگە، بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بنەماڵەیی لە قەڵەم ئەدەن.

چالاکانی بواری کۆمەڵایەتی، کوشتنی ژنان لەژێر ناوی پاراستنی نامووس، خۆکوشتن و خۆسووتاندن، لەسێدارەدان و بڕینی ئەندامانی لەش لەبەر چاوی خەڵک لەژێر ناوی بەرێوەبردنی یاسا و شەرعی ئیسلام و بەشودانی زۆرەملی بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دەگەرێننەوە.