کوژرانی ٣ ماتۆرسواری سەقزی لە رووداوی هاتووچۆدا

21:41 - 2 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٢ شەوی رابردوودا ٣ لاوی سەقزی لەکاتی ماتۆڕ سواریدا بەهۆی رووداوی هاتووچ وە گیانیان لەدەست دا.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی سەقز لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، شەوی رابردوو ٢ ماتۆڕ سواری سەقزی بەناوەکانی \"سینا رۆستەمی\" و \"عەلی بەهەشتی\" لە نزیک فەلەکەی خورشیدی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بوونە قوربانی.

دەگوترێت کە سینا دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و هەروەها عەلی بەهەشتی پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی \"تامین اجتماعی\"ی شاری سەقز بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە سەرلە ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٣١ی پووشپەڕ، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە بلواری کوردستان بەهۆی پێکدادن لەگەڵ دوو ماشین، بەتوندی بریندار و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە بەهۆی قوڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ٢ رووداوە لە بلواری کوردستان هاتوونەتە ئاراوە و بە هۆی ئەوەیکە جاددەی بۆکان بە بانە و شاری سنەوە لێک گرێ ئەدات، رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ماشێنی بارهەڵگر لەو شەقامەوە هاتوچۆ دەکەن کە زۆرترین ترافیک و رووداوی هاتووچۆی نێو شاری سەقز، لەو شەقامە دێتە ئاراوە.