کوژرانی لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری سەقز/ بێکاری هۆکاری زیادبوونی تاوانکارییەکانە

14:59 - 25 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ئەمساڵدا چەندین هاووڵاتیی شاری سەقز بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەوە کوژراون و سێ رۆژ پێش ئیستاش مێرمنداڵێکی خەڵکی ئەو شارە و بە زەبری چەقۆ گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی \"هێمن عەبدی\" لە پارکی \"شکۆفە\"ی شاری سەقز، بەهۆکارێکی ناروون کوژرا.

بە گوتەی شایەتحاڵان، هێمن عەبدی دەستەبجێ بەهۆی بەرکەوتنی زەبری چەقۆ گیانی لەدەست دا و بکوژی ناوبراو کە کەسێكی تەمەن ٢١ ساڵ بوو، هەڵاتووە و پۆلیسیش باوکی بکوژەکەی دەستبەسەر کردووە.

پێشتر خالید تەوەکولی، کۆمەڵناس لە شاری سەقز، بە کوردپای راگەیاندبوو ، ئەو توندوتیژییەی کەلە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەدی دەکرێ، بەشێکی بۆ فشارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگەڕێتەوەو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە خەڵک نەتوانن یەکتر تەحەمول بکەن و رۆحی لێبورین‌یان بە نیسبەت یەکەوە هەبێت.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە شاری سەقز، گوتبووشی کاتێک فشاری ئابووری لەسەر خەڵک بێت، بێکاری لەوپەڕی خۆیدا بێت و ئازادییە سیاسییەکان سنووردار بن، ئەو توندوتیژییە روو لە زیادبوون دەکات و خەڵک لە هەمبەر یەکتردا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.

چالاکانی سیاسیی کورد، بێ پلانیی دەوڵەت و دەسەڵات بە هۆکاری بێکاریی لە رادەبەدەر و هەژاریی بنەماڵەکان لە ناوچە کوردنشینەکان لە ئێراندا دەگەڕێننەوە.

بە گوتەی شارەزایان، بێکاری لە شاری سەقز رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و فەرمانداری شاری سەقزیش لە ماوەی رابردوودا، زیادبوونی بێکاری و پاشهاتە کۆمەلایەتی و بنەماڵەییەکانی ئەو دیاردەیەی لەو شارەدا بە جێگەی نیگەرانی لە قەڵەم دابوو.