کوژرانی زیندانییەکی کوردی یارسان لە زیندانی قەزەڵحەساری شاری کەرەج

21:00 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری کەرەج لە زیندانی قەزڵحەساری ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مۆحسێن مورادی\"، هاووڵاتییەکی کوردی یارسانی خەڵکی ناوچەی داڵاهۆ، کە ماوەیەک پێش لە کاتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شاری کەرەج دەسبەسەر کرابوو، لە زیندانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتیی یارسانییە \" مۆحسێن مورادی\" تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی ڕەمەزان خەڵکی گوندی \"دارە ڕەش\" لە بەخشی گاوەرۆی ناوچەی داڵاهۆ ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە یارسانییە لە زیندانی قەزڵحەساری شاری کەرەج لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە، پێیان راگەیاندوون کە نابێت هەواڵی گیان لە دەستدانی کوڕەکەیان بە میدیایی بکرێت.

بە وتەی ئەو سەرچاویە، تەرمی ئەو هاوووڵاتییە کوردە لە فەزایەکی تەواو ئەمنییەتیدا لە شاری کرماشان ئەسپەردەی خاک کرا.