کوژاندنەوەی ئاگر گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە

22:10 - 20 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییە کورد لە کاتی کوژاندنەوەیی ئاگر کە لە یەکێک لە جاڕەکانی ناوچەی کۆزەرانی کرماشان بەردرابوو، بوو بە قوربانی و گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد، لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە بەخشی کۆزەران، بە هۆی ئاگرتێبەردانی جاڕێک، گیانی لە دەستدا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی کوژاندنەوە و دور لە چاوی هاووڵاتییانی دیکە، لە ناو ئاگردا گیری کردبووە، سووتاوە.

ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و زەوی و زارەکان لە هاوێنان دا خەسارێکی قەرەبوو نەکراوەیە بۆ خاوەن زەوییەکان و لە سەرەتایی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٥٠٠ هێکتار لە زەوی هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خەساریان بەرکەوتووە.

بەخشی کۆزەران لە نێوان شاری ڕوانسەر وکرماشان هەڵکەتووە و زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، پێڕەوی ئایینی یارسانن.